ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی: چوارشەمە سوورێ یەکێک لە رۆژە مێژووییە ئێرانییەکانە کە لە شەوی دواهەمین چوارشەمەی ساڵدا بەرێوە دەچێت و هەندێ نەریتی هەیە کە ژمارەیەکیان تا ئەمڕۆ پارێزراون و ژمارەیەکیان لەناو چوون کە گرینگترین و هەروەها نەریتی هاوبەشی هەموو شارەکانی ئێران، ئاگرکردنەوە و هەڵپەرکێ و شادی و خۆشی کردنەو.
ئاگر لە مێژە وەکوو هێمای چوارشەمە سوورێ ناسراوە کەچی ئەمڕۆکانە بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە مادە تەقینەوەییەکان، ئەم جێژنە زۆر مەترسیدار بووە و بریندار بوون و تەنانەت کوژرانیشی لێ ئەکەوێتەوە و تا ڕادەیەک لەو ڕێوڕەسمە نەریتییە لایداوە.
ئەم جێژنە ئێرانییە لە وڵاتانی وەکوو ئازەربایجان، ئەفغانستان، تورکیا، تاجیکستان و هەروەها لە لایەن ئەو ئێرانیانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، بەڕێوە دەچێت.
چوارشەمە سوورێ لە ڕاستیدا پێشوازی و بەخیرهاتن لە نەورۆز و ساڵی نوێ دەکەن.
لە نەریتی ئێرانیدا گرینگترین بەشی ئەم ڕۆژە مێژووییە ئاگر کردنەوە و باز دان بە سەر ئاگرە و مەبەست لەم کارە دوور کەوتنەوە لە نەخۆشی و سپاردنی کێشەکان بە دەستی ئاگرە.
سووتاندنی کەلوپەلی کۆن، گسک دانی ماڵ و ئاگردانی گسک، گۆزە شکاندن و ... هەموو بە مەبەستی لەناوبردنی بەڵا و نەهامەتییەکان لە لایەن هەندێ لە خەڵکی ئێران لە رۆژی چوارشەمە سوورێ ئەنجام دەبێت و وەکوو نەریتێکە کۆنە.
لە ناو ئێرانییەکاندا باوە کە ڕۆژی چوارشەمە سوورێ منداڵەکان سەردانی دایک و باوک و هەموو گەورەکانی بنەماڵە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو شەوە بە خۆشی پێکەوە ڕابوێرن.
لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران منداڵان چەند رۆژ پێش ئەو جێژنە دار و چێلک کۆ دەکەنەوە و خۆیان بۆ ئاگر کردنەوەیەکی گەورە ئامادە دەکەن و لە شوێنێکی بەربڵاو دایدەنێن و کە گەیشتە کاتی ئێوارە، دایدەگیرسێنن و هەمووان بە دەوریدا کۆ دەبنەوە و بە سەری ئاگرەکەدا باز دەبەن و دەڵێن "سووری تۆ بۆ من، زەردی من بۆ تۆ" و بەم شێوە داوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ ساڵی نوی دەکەن.
چوارشەمە سووری لە کوردستاندا بە کوڵە چوارشەمە ناسراوە. کوردەکان و بە تایبەت خەڵکی سنە لەم ڕۆژەدا هەموو ماڵیان گسک دەدا بۆ ئەوەی ناپاکی و خەوشوخواڵ بسڕنەوە. پاشان گسکەکەیان دەخستە نێو گۆزەیەک و ئاگریان دەدا و گۆزەکەیان بە خەڵووزەکەوە دەخستە ناو کۆڵانان و بەم شێوە چوارشەمە سووریان تێئەپەڕاند.
لە ناو کوردان لەم شەوەدا ئاگرکردنەوە بە هیچ شێوەیەک باو نەبووە و ئاگر تەنیا لە نەورۆزدا هەڵئەکرا و بە دەوریدا هەڵپەڕکێ ساز ئەکرا و لە ڕاستیدا نەورۆزی کوردان جگە لە ئاگرکردنەوە و هەڵپەڕکێ شتێکیتر نەبووە. بەڵام ئێستا بە بۆنەی تێکەڵاوی فەرهەنگی لە گەڵ نەتەوەکانی تر زۆر شت گۆڕاوە و منداڵان تەقەمەنی دەتەقێننەوە ودیمەتێکی مەترسیدار و ناحەزی هەیە .
Your Comment